گه‌رده‌لوول، به‌بیری هێنامه‌وه 2 Gerdelûl, bebîrî hênamewe
2ی ئایاری 1986
ئێواره‌ی ڕۆژی 30 مانگ وام به‌باش زانی سروودی ئه‌نته‌رناسیۆناڵ 5 تا 6 جار بنووسمه‌وه، بیده‌م به‌وانه‌ی دیانناسم و جێی بڕوان. ئێواره‌که‌ی براده‌رێکی وه‌ستای بیناسازی پێی وتم؛ به‌یانی ئیش هه‌یه. به‌لاماوه خۆش و ناخۆش بوو، هاوکات دووڵ بووم، مه‌عقول نییه له‌ڕۆژی یه‌کی ئایاردا بچم بۆ کارکردن! بۆیه به‌یانی تا نه‌هات به‌شوێنما نه‌چووم، هه‌رچه‌ند بۆ فلسێک ده‌چووم به‌ئاسماندا. که‌پرسیم شوێنه‌که کوێیه، بۆ ڕاکردووییه‌کی وه‌ک من نه‌گونجاو بوو بۆیه به‌وه‌ستام وت: ببووره ناوێرم بێم به‌و ناوه‌دا.
ژنه کرێکارێکی ناسیاوم بینی، وتی: ناچار چووینه‌وه، ڕاپێچی کۆبوونه‌وه‌یه‌کی ساردوسڕیان کردین، ماوه‌ی زیاتر له‌یه‌ک سه‌عات، یه‌ک کرێکار ورته‌ی له‌ده‌م نه‌ده‌هاته‌ده‌ر، هه‌رچه‌نده پیاوانی نقابه و حکومه‌ت ویستویان بیانهێننه جۆش و خرۆش، بێ سوود بوو. وه‌ک خۆڵ و دۆیان کرابێت باسه‌ردا وابوو.
کورده به‌عسییه‌کان پێیان وتوون: ئاخر یه‌عنی چی؟ بۆ له‌ڕۆژی خۆشتانا قسه ناکه‌ن؟
براده‌رێکیش، نازانم له‌کوێی بیستبوو، وتی: چه‌ند دروشمی کرێکارانه وتراوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌و دروشمانه له‌لایه‌ن کێوه وتراوه؟ ڕێکخراوه؟ پێده‌چێت له‌و جۆرانه بێت که به‌دڵی حکومه‌ت بوو بێت!
هیچ ساتێک ناهێڵن کرێکارانی داموده‌زگا حکومییه‌کان به‌ئیسراحه‌ت دابنیشن ئه‌گه‌ر ئیش نه‌که‌ن، ئه‌وا ده‌برێن بۆ مه‌سیره! بیستوومه؛ وه‌ره‌قه‌یان هێناوه، ئیمزایان به‌کرێکاران کردووه، که له‌م ڕۆژه پیرۆزه‌دا بۆ سه‌رکار بێنه‌وه.
ـــــــــــــــــــ
+چه‌ند به‌شێکه له‌په‌ڕاوی بیره‌وه‌ری ئه‌و سه‌رده‌مه، ئه‌وکاته‌ی ئه‌و دێڕانه نووسراون، هه‌میشه ژیانم له‌مه‌ترسیدا بووه، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌بووم له‌پڕ بده‌ن به‌سه‌رمدا و ئه‌و ده‌فته‌ره بکه‌وێته به‌رده‌ستی دوژمن، بۆیه خۆم له‌ناوهێنانی که‌سه‌کان پاراستووه، به‌ڵام ئێستا چه‌ند که‌س له‌وانه نازانم کێن و بیرم چۆته‌وه