هه‌رچییه‌ک بوو بێت، موسته‌هه‌قی ئه‌و ده‌ستدرێژییه‌ نه‌بوو

2008/4/30, 21:28

Herçiyek bû bêt, musteheqî ew destdrêjiye nabû

له‌وه‌تی ئه‌و زاته‌ به‌و ده‌رده‌ برا، ئه‌و ناهه‌قییه‌ی ده‌رهه‌ق کرا، له‌هه‌ر که‌ناڵێکی ئه‌له‌کترۆنییه‌وه‌ بابه‌تێک ببینم به‌په‌یامی ته‌له‌فوونی نه‌سرین خانی کچی شێخ ستار تاهیر شه‌ریفی لێئاگادار ده‌که‌مه‌وه‌.

به‌ر له‌و ڕووداوه‌یش هه‌ر چاوپێکه‌وتن و نووسینێکی دیکه‌ی له‌ڕۆژنامه‌کانی کوردستاندا بڵاو ده‌بووه‌، ئه‌وم لیئاگادار ده‌کرده‌وه‌.

 

ئاشنایه‌تیم له‌گه‌ڵ باوکی نه‌سریندا بۆ هه‌فتاکانی سه‌ده‌ی بیست ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌وکات له‌به‌غداد سه‌رباز بووم، که‌ له‌کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌ ئه‌ده‌بییه‌کانی ‌مه‌ڵبه‌ندی ڕۆشنبیری کورد ئاماده‌ ده‌بووم، ئه‌وم ناسی.

 

که‌ هاتمه‌ فینلاند مێردی نه‌سرین هاوڕێی کۆنی سله‌یمانیم بوو، به‌و هۆیه‌وه‌ بۆم ده‌رکه‌وت ئه‌و، خانمی هاوسه‌ری کچی شێخ ستاره‌. په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تیمان گه‌رم و گوره‌.

کاتێ چووم بۆ پرسه‌که‌ی و نه‌سرینم بینی، به‌سه‌ر شانیدا له‌به‌رچاوی ژماره‌یه‌ک خه‌ڵک گریام، له‌دڵه‌وه‌ هه‌واڵه‌که‌م پێناخۆش بوو. ده‌زانن بۆ ئه‌و مرۆڤه‌ به‌هه‌ر پاشخانێکی جوان و ناشیرینییه‌وه‌ موسته‌هه‌قی ئه‌و ده‌ستدرێژییه‌ نییه‌، ڕێک ئه‌وه‌ به‌ربه‌رییه‌ت و ئیستبدادی هزری ڕۆژهه‌ڵاتییه‌.

 

خۆ منیش خاوه‌ن شه‌هیدم ده‌بوایه‌ به‌نه‌مانی پیاوانی داموده‌زگای کۆنی به‌عسی عه‌ره‌بی خۆشحاڵ بوومایه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌، خوازاری هیچ جۆره‌ توندوتیژییه‌کی جه‌سته‌یی نیم ده‌رهه‌ق به‌مرۆڤ بکرێت، به‌و شێوه‌یه‌ براوه‌ نابین. 2008.4.27

 

نووسینی: ‌ aba چینی: دیاری نه‌کراو
(<%EntryCommentCount%>) بۆچوون | بۆ که‌سی‌تر

گه‌رده‌لوول، به‌بیری هێنامه‌وه 2 ‌ Gerdelûl, bebîrî hênamewe

2008/4/30, 21:26
سوپاس بۆ (جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌)ی ده‌رهێنه‌ری سریالی گه‌رده‌لوول 2 ی که‌ناڵی ئاسمانی کوردسات، که‌ فرسه‌تی ئه‌وه‌ی پێدام، وه‌ک که‌سێک ئه‌م بیره‌وه‌رییه‌ی که‌ له‌په‌ڕاوی یاداشته‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا نووسیومه‌ته‌وه‌، ده‌مه‌زه‌رد بکه‌مه‌وه‌ و بخرێته‌ به‌رچاو. ئه‌وی ئه‌مجاره‌ باس له‌یادی یه‌کی ئایار ده‌که‌م‌‌:


2ی ئایاری 1986


ئێواره‌ی ڕۆژی 30 مانگ وام به‌باش زانی سروودی ئه‌نته‌رناسیۆناڵ 5 تا 6 جار بنووسمه‌وه‌، بیده‌م به‌وانه‌ی دیانناسم و جێی بڕوان. ئێواره‌که‌ی براده‌رێکی وه‌ستای بیناسازی پێی وتم؛ به‌یانی ئیش هه‌یه‌. به‌لاماوه‌ خۆش و ناخۆش بوو، هاوکات دووڵ بووم، مه‌عقول نییه‌ له‌ڕۆژی یه‌کی ئایاردا بچم بۆ کارکردن! بۆیه‌ به‌یانی تا نه‌هات به‌شوێنما نه‌چووم، هه‌رچه‌ند بۆ فلسێک ده‌چووم به‌ئاسماندا. که‌پرسیم شوێنه‌که‌ کوێیه‌، بۆ ڕاکردووییه‌کی وه‌ک من نه‌گونجاو بوو بۆیه‌ به‌وه‌ستام وت: ببووره‌ ناوێرم بێم به‌و ناوه‌دا.


ژنه‌ کرێکارێکی ناسیاوم بینی، وتی: ناچار چووینه‌وه‌، ڕاپێچی کۆبوونه‌وه‌یه‌کی‌ ساردوسڕیان کردین، ماوه‌ی زیاتر له‌یه‌ک سه‌عات، یه‌ک کرێکار ورته‌ی له‌ده‌م نه‌ده‌هاته‌ده‌ر، هه‌رچه‌نده‌ پیاوانی نقابه‌ و حکومه‌ت ویستویان بیانهێننه‌‌ جۆش و خرۆش، بێ سوود بوو. وه‌ک خۆڵ و دۆیان کرابێت باسه‌ردا وابوو.

کورده‌ به‌عسییه‌کان پێیان وتوون: ئاخر یه‌عنی چی؟ بۆ له‌ڕۆژی خۆشتانا‌ قسه ناکه‌ن؟


براده‌رێکیش، نازانم له‌کوێی بیستبوو، وتی: چه‌ند دروشمی کرێکارانه‌ وتراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و دروشمانه‌ له‌لایه‌ن کێوه‌ وتراوه‌؟ ڕێکخراوه‌؟ پێده‌چێت له‌و جۆرانه‌ بێت که‌ به‌دڵی حکومه‌ت بوو بێت!


هیچ ساتێک ناهێڵن کرێکارانی داموده‌زگا حکومییه‌کان به‌ئیسراحه‌ت دابنیشن ئه‌گه‌ر ئیش نه‌که‌ن، ئه‌وا ده‌برێن بۆ مه‌سیره‌! بیستوومه‌؛ وه‌ره‌قه‌یان هێناوه‌، ئیمزایان به‌کرێکاران کردووه،‌ که‌ له‌م ڕۆژه پیرۆزه‌دا بۆ سه‌رکار بێنه‌وه‌.
ـــــــــــــــــــ

+چه‌ند به‌شێکه‌ له‌په‌ڕاوی بیره‌وه‌ری ئه‌و سه‌رده‌مه‌، ئه‌وکاته‌ی ئه‌و دێڕانه‌ نووسراون، هه‌میشه‌ ژیانم له‌مه‌ترسیدا بووه‌، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ده‌بووم له‌پڕ بده‌ن به‌سه‌رمدا و ئه‌و ده‌فته‌ره‌ بکه‌وێته‌ به‌رده‌ستی دوژمن، بۆیه‌ خۆم له‌ناوهێنانی که‌سه‌کان پاراستووه‌، به‌ڵام ئێستا چه‌ند که‌س له‌وانه‌ نازانم کێن و بیرم چۆته‌وه‌

نووسینی: ‌ aba چینی: دیاری نه‌کراو
(<%EntryCommentCount%>) بۆچوون | بۆ که‌سی‌تر

گه‌رده‌لوول، به‌بیری هێنامه‌وه ‌ 1 Gerdelûl, bebîrî hênamewe

2008/4/30, 21:20

سوپاس بۆ (جه‌لیل زه‌نگه‌نه‌)ی ده‌رهێنه‌ری سریالی گه‌رده‌لوول 2 ی که‌ناڵی ئاسمانی کوردسات، که‌ فرسه‌تی ئه‌وه‌ی پێدام، وه‌ک که‌سێک ئه‌م بیره‌وه‌رییه‌ی که‌ له‌په‌ڕاوی یاداشته‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا نووسیومه‌ته‌وه‌، ده‌مه‌زه‌رد بکه‌مه‌وه‌ و بخرێته‌ به‌رچاو. ئه‌ویش به‌سه‌رهاتی له‌سێداره‌دانی که‌سێکه‌:

11ی1ی1987

....... دوێنێ بۆ ته‌عزییه‌ی براده‌رێکم (عه‌بدولوه‌هاب سابیر) چووم.  5 تا 6 مانگ ده‌بوو، له‌جه‌ژنی قورباندا گیرا، مه‌یته‌که‌ی به‌ئیعدامکراوی هاته‌وه‌! بۆ وا به‌زوویی؟

ده‌رچووی کولێژی سیاسه‌ت له‌دانیشگای به‌غدا بوو. ماوه‌یه‌ک له‌حه‌یده‌رخانه‌، له‌ژوورێکدا پێکه‌وه‌ بووین، دوای چه‌ند ساڵ بۆم ده‌رکه‌وت تێکه‌ڵ به‌سیاسه‌ت بووه‌. ئه‌و کاته‌ی پێکه‌وه‌ بووین ده‌می له‌سیاسه‌ت ده‌کوتا، کتێبی ده‌خوێنده‌وه‌، حه‌زیشی به‌ئه‌ده‌ب هه‌بوو، نووسینی بۆ ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌ کوردییه‌کان ده‌نارد، بڵاونه‌ده‌کرایه‌وه‌، یه‌کدوو جار ناویم له‌نامه‌ی خوێنه‌راندا بینی. ئه‌و کات که‌مێک دووره‌په‌رێز بوو، ته‌بیعه‌تی کشمیشی بوو، هه‌وڵم زۆر له‌گه‌ڵدا ده‌دا که‌ مرۆڤێکی سروشتی بێت، خۆ خۆشم هێنده‌ ته‌واو نه‌بووم به‌ڵام له‌و کراوه‌تر بووم.

وه‌زعی له‌گه‌ڵ ماڵه‌وه‌شیاندا به‌تایبه‌تی باوکی باش نه‌بوو. وای پێباش بوو، له‌کاتی مۆڵه‌تدا که‌ سه‌ردانی ماڵیان ده‌که‌م، خۆ به‌قوتابی زانکۆ بکه‌م، له‌وه‌ ده‌ترسا بزانن هاوڕێی خه‌ڵکی خراپ ده‌کات. دوای ساڵ و عه‌یامیکی زۆر ڕاستی مه‌سه‌له‌که‌م به‌ماڵه‌وه‌یان وت که‌ ئه‌و کاته‌ سه‌رباز بووم، نه‌ک قوتابی زانکۆ.

پاش چه‌ند ساڵ دواتر، په‌یوه‌ندیمان نه‌پچڕابوو، سه‌رمان له‌یه‌کتر ده‌دا، له‌مناقه‌شه‌کردندا هه‌ستم به‌بیری ناته‌واوی ده‌کرد، له‌م ئاخر و ئۆخریه‌دا هه‌ستی ڕووخانێکم له‌بیروباوه‌ڕیدا به‌دیده‌کرد، موته‌زه‌بزیب بوو، وه‌ک ئه‌وه‌ی گومانی لێمان هه‌بێت هه‌رجاره‌ی شتێکی ده‌ووت؛ له‌به‌غدام، له‌هه‌ولێرم، له‌موسڵم، گوایه‌ بۆ کار له‌و شوینانه‌یه‌!

نه‌مزانی بوو گیراوه‌، که‌ هه‌واڵی ئیعدامکردنیان پێدام، بڕاوام نه‌کرد، دوای دوو ڕۆژ ڕاستیم بۆ ده‌رکه‌وت. له‌ته‌عزێکه‌یدا زانیم له‌نێو بازاڕ ده‌ستگیر کراوه‌، پێش ئه‌وه‌ ئه‌من چووته‌ سه‌رماڵیان. گوێی پێنه‌داوه‌ و داویه‌تییه‌ به‌ری! له‌گرتنه‌که‌یه‌وه‌ بێسه‌روشوێن بووه‌ تا هاتنه‌وه‌ی مه‌یته‌که‌ی.

براده‌رێک وتی: گوایه‌ له‌لای یه‌کێ له‌هه‌ولێر خه‌فیفه‌ بووه‌، ته‌فتیشه‌که‌ ئیخباری بووه‌، براده‌ری خۆی بووه‌، له‌یه‌که‌م ته‌فتیشدا هیچیان نه‌دۆزیوه‌ته‌وه‌، له‌دووه‌م ته‌فتیش و دوای گرتنه‌که‌ی پێده‌چێت شتی گرنگیان ده‌ستکه‌وتبێت.

وه‌هاب، ماوه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ براده‌رێک هه‌ڵده‌سا و داده‌نیشت مه‌شبوه بوو! له‌وه‌ ئاگادارم کرده‌وه‌، گوێی پێنه‌دام! هه‌واڵی گرتنی لای ژماره‌یه‌ک له‌براده‌ران نیشانه‌ نه‌مانی بووه‌. گرنگ ئه‌وه‌یه‌ به‌پیاوانه‌ خۆی دانا، له‌که‌دار نه‌بوو. هه‌واڵی مه‌رگی به‌ڕاست زۆر غه‌مباری کردم.

ـــــــــــــــــــ

+ بێ ده‌سکاری، به‌داوای لێبووردنه‌وه، بۆ به‌کارهێنانی چه‌ند وشه‌ که‌ له‌وانه‌یه‌، نه‌شیاو بێت، به‌ڵام وه‌ک ئه‌مانه‌تی ئه‌ده‌بی بێده‌سکاری ده‌یخه‌مه‌ به‌رچاو. یادی ئه‌و هاوڕێیه‌م مه‌گه‌ر مه‌رگ له‌بیرم بباته‌وه‌.

نووسینی: ‌ aba چینی: دیاری نه‌کراو
(<%EntryCommentCount%>) بۆچوون | بۆ که‌سی‌تر

کێ عه‌لی چه‌له‌بی شه‌هید کرد Kê Alî Çelebî şehîd kird

2008/4/30, 21:15

له‌رۆژی 2008.3.28 به‌ڕێزێک به‌ناوی ئارام  قزله‌رییوه‌ به‌ناونیشانی (با حه‌سه‌ن خاوێی ‌و سیروان تاڵه‌بانی،‌ به‌ئارامیی سه‌ربنێنه‌وه‌.) به‌دواداچوون و نووسینێکی مژدانه‌ ئامێزی له‌ماڵپه‌ڕی کوردستان پۆست دا بڵاوکردۆته‌وه‌؛ که‌ کۆنه‌ سه‌رک جاشێک و تازه‌ سه‌رکرده‌یه‌کی کورد، مه‌حسوب له‌سه‌ر پارتی دیموکراتی کوردستان، کوژراوه‌.

ڕۆژێکی خۆش و شاد بوو، خۆزگه‌ دایکم ده‌ما و ئه‌م هه‌واڵه‌ی ده‌بیست، به‌ڵام ئێستا ده‌زانم فریشته‌کان هه‌واڵیان پێگه‌یاندووه‌، دڵی که‌مێک ره‌حه‌ت بووه‌. (حه‌مه‌خانی حاجی دارا) یه‌کێ له‌تاوانباران و بکوژی کوڕه‌که‌ی به‌هه‌قی تاوانه‌کانی گه‌یشت.

ئه‌و به‌یانییه‌، زوو هه‌واڵه‌که‌م له‌ماڵپه‌ڕێکی هه‌واڵی عه‌ره‌بی زمان خوێنده‌وه‌، که‌ سه‌رکرده‌یه‌کی باڵای پێشمه‌رگه‌ کوژراوه‌. له‌ماڵپه‌ڕی پی یو که‌ی میدیادا نووسرابوو، له‌ڕاودا کوژراوه‌. ئیتر له‌و ڕۆژه‌وه‌ له‌مه‌راقی ئه‌وه‌دا بووم، بزانم ئایا ئه‌و که‌سه‌ سه‌ره‌ک جاشه‌که‌ی ده‌شتی شاره‌زوور و زه‌ره‌یانه‌!؟

خۆش به‌ختانه‌ ئه‌م کاک ئارامه‌ له‌بنی ده‌هۆڵه‌که‌ی دا و گومانه‌که‌ی ڕه‌وانمه‌وه‌. به‌ڵێ خۆیه‌تی. ئه‌وه‌ یه‌کێک بوو له‌و سه‌رۆک جاشانه‌ی بۆسه‌یان نایه‌وه‌ بۆ ئه‌و مه‌فره‌زه‌ قاره‌مانه‌ی که‌ چووبوون بۆ چه‌ک هێنان له‌سه‌رکردایه‌تی ئه‌وسای کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌ران. ئه‌م سه‌رکرده‌ جاشه‌ و یه‌کدوویه‌کی تر له‌گوندی زێرنجۆ، له‌شه‌وی29 له‌سه‌ر30 مانگی 4ی 1979 دا  بۆسه‌یان بۆ ده‌نێننه‌وه‌، حه‌وت پێشمه‌رگه‌ و هاوڵاتییه‌ک شه‌هید ده‌که‌ن. تا ئێستا گۆڕیان بزره‌.

به‌هیوام هه‌مان چاره‌نووس هه‌رچه‌ند دره‌نگیش بێت به‌نسیبی سه‌ره‌ک جاشه‌کانی تر بێته‌وه‌، که‌ ده‌ستیان له‌شه‌هید کردنی عه‌لی برام و هاوڕێکانیدا بووه‌.

گله‌ییه‌کیش بۆ کاک ئارام، نازانم بۆ ناوی شه‌هیدی ئێمه‌ی له‌بیر کردووه‌؟! له‌گه‌ڵ ڕێزم بۆیان، دیاره‌ بۆیه‌ ناوی سیروان هێنراوه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌خێڵی تاڵه‌بانییه‌کانه‌ و له‌خه‌ڵکی دی له‌پێشتره‌؟ حه‌سه‌ن خاوێیش هه‌موو مێژووی ده‌زانیین که‌ کۆنه‌ جه‌لالی بوو.

2008.3.29

نووسینی: ‌ aba چینی: دیاری نه‌کراو
(<%EntryCommentCount%>) بۆچوون | بۆ که‌سی‌تر

نەورۆز و سەری ساڵی نوێ

2008/3/21, 15:35
 
نووسینی: ‌ aba چینی: دیاری نه‌کراو
(<%EntryCommentCount%>) بۆچوون | بۆ که‌سی‌تر

مامۆستای بیرکاری ، 49 داری لێدام

2008/1/21, 22:23

Mamostay bîrkarî , 49 darî lêdam

 
 کێ له م ساڵه دا له قوتابخانه ی سه ره تایی ده رگه زێن بوو ناونیشانی کورته‌ بیره‌وه‌رییه‌کی هێژا نه‌جمه‌دین به‌رزنجی یه‌، له‌ ماڵپه‌ڕی ده‌نگه‌کان ڕۆژی ده‌ی ئه‌م مانگه‌، له‌به‌ر خاتری ناوی ده‌رگه‌زێن که‌وتمه‌ خوێندنه‌وه‌ی، دوای ته‌واو بوونی هه‌ستم، به‌ئاسووده‌ییه‌کی ده‌روونی کرد. ده‌زانن بۆ؟ چوونکه‌ ژماره‌یه‌ک ناو و یاداوه‌ری لا ژیانمه‌وه‌ که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ڕێزه‌دا هاوسۆز، به‌عه‌ره‌بی شه‌ریک شعورم، هانی دام وه‌ک قوتابییه‌کی ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ که‌ حه‌وت ساڵی خوێندم( له‌پۆلی پێنجدا مامه‌وه‌ ‌) تێیاندا به‌سه‌ر بردووه‌

ماڵمان له‌گه‌ره‌کی شیوی قازی، که‌هاوسنووری گه‌ره‌کی ده‌رگه‌زێن بوو. بۆیه‌ ده‌بوایه‌ بچوومایه‌ته‌ ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ که‌ چه‌ند سه‌د مه‌ترێک لێمانه‌وه‌ دوور بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حه‌وت ساڵی ته‌مه‌نم ته‌واو نه‌کرد بوو، ناچار دایکم شکاتی کرد، ته‌مه‌نه‌که‌یان به‌فه‌رمی بۆ گۆڕیم، ئیتر له‌پۆلی یه‌کی سه‌ره‌تایی وه‌ریانگرتم.

ناتوانم ساڵه‌کان ده‌ستنیشان بکه‌م، هێنده‌ هه‌یه‌ من له 1969 بۆ 1970 چوومه‌ یه‌کی‌ ناوه‌ندی. دیاره‌ منیش وه‌ک ئه‌و به‌ڕێزه‌ چه‌ند بیره‌وه‌ری تاڵ هاوکات خۆشیش ده‌گێڕمه‌وه‌‌.....

هێنده‌ی من له‌و قوتابخانه‌یه‌دا بووم، به‌م شوێنه‌ نوێیه‌وه‌ له‌هه‌مان کۆڵان دووبینایه‌ی تری کردووه‌. له‌وێوه‌ به‌ره‌و بازاڕ ده‌بویته‌وه‌، به‌ده‌ستی ڕاستدا و له‌ده‌رگاکه‌وه‌ هه‌ر په‌نجا مه‌ترێک لێی دوور بوو، شوێنی دووه‌م بۆ پێشه‌وه‌ ده‌ڕۆیشتی به‌دووری په‌نجا مه‌ترێک، کۆڵانه‌که‌ له‌شه‌قامی سه‌یوان کۆتایی ده‌هات، ڕێک به‌رامبه‌ر مزگه‌وتی خانه‌قای مه‌ولانه‌ خالید بوو. خانووی دووهه‌م ،‌ دوو نهۆمی کۆن بوو، له‌یه‌کێکیاندا  بوومه‌له‌رزه‌یه‌ک له‌کاتی ده‌وامدا ڕوویدا له‌ڕاکه‌ڕاکه‌ی خۆده‌ربازکردندا قوتابییه‌کی هاوپۆلم به‌ناوی ئه‌حمه‌د که‌ باوکی دوکانی عه‌لافی هه‌بوو له‌سه‌ره‌تای شه‌قامی سه‌یوان نزیک  فولکه‌ی خانه‌قا، ده‌ستی شکا.

هه‌روه‌ها نازانم چ ساڵێک بوو، گواستمانه‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنه‌ی ئێستا، هێنده‌ی‌ بزانم ئه‌م بینا‌ نوێیه‌ مۆدێرن بوو، له‌وه‌ ده‌چوو حکومه‌ت دروستی کردبێت. ده‌رگاکه‌ی ڕێک به‌رانبه‌ر  ماڵی باوکی کامه‌ران موکری شاعیر بوو. گۆڕه‌پانی قوتابخانه‌ و ماڵه‌که‌ی ئێمه‌ی تیا نیشته‌جێ بووین دیوارێک بوو.

له‌و قوتابخانه‌یه‌دا پۆلی یه‌ک و دوو سێ چوارم له‌بیر نه‌ماوه‌، ته‌نها پۆلی پێنجم له‌بیره‌، له‌وانه‌ی بیرکاریدا کۆڵ بووم، له‌یه‌کی له‌تاقیکردنه‌وه‌کاندا له‌په‌نجا، یه‌کم هێنا، مامۆستای ئه‌و وانه‌یه‌، خالید کوڕی مه‌لایه‌کی دوکانداری گه‌ره‌کی خۆمان بوو، هێنده‌ بێویژدان بوو 49 داری له‌هه‌ردوو له‌پی ده‌ستم دا! من به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و به‌ڕێزه‌وه‌ هه‌رگیز له‌و مامۆستایه‌ خۆش نابم و وه‌ک ئیسلامه‌کان ده‌يڵین: گه‌ردنی ئازاد ناکه‌م.

مامۆستای مێژوو، وابزانم ناوی جه‌زا بوو، جارێک له‌کاتی وانه‌ی ئه‌ودا بوو، له‌لاشعووره‌وه‌ قیژه‌یه‌کی گه‌وره‌م کرد، خۆشم نه‌مده‌زانی بۆ؟  بێئه‌وه‌ی لێم بپرسێت بۆ وات کرد، به‌رداریدام و کردمیه‌ ده‌ره‌وه‌!

ئه‌و مامۆستا نامیقه‌ی وه‌رزش، کابرایه‌کی ورگنی قه‌ڵه‌و بوو، نازانم کێشی چه‌ند ده‌بوو، که‌ له‌گۆڕه‌پانی قوتابخانه‌ له‌کاتی پشوودا هه‌ر ئه‌و ده‌رده‌که‌وت هه‌موو له‌شوێنی خۆمان له‌ترسا داده‌نیشتن یان ڕاده‌وه‌ستاین. چ قودره‌ت بوو بجوڵێیت.نازانم ئێستا ماوه‌ به‌ڵام ساڵی 2005 له‌سه‌ردانم بۆ کوردستان له‌جاده‌ی مه‌وله‌وی به‌رامبه‌ر ده‌بۆکه‌ له‌به‌رده‌م دوکانێکدا ده‌مبینی، پێده‌چوو هی خۆی بێت.


تایره‌سوورم، بیر نییه،‌ چ وانه‌یه‌کی پێده‌وتین، شه‌قازله‌وه‌شێنێکی باش بوو، له‌گه‌ڵ قوتابیدا خراپ بوو، خۆشم لێنده‌هات، ئه‌و ماڵه‌که‌یان له‌سه‌رشه‌قامی سه‌یوان نزیک و له‌به‌ری چاپخانه‌ی کامه‌رانی بوو. پێده‌چوو کوره‌ ده‌وڵه‌مه‌ند بێت

به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌و کاته‌م بیر نییه‌، هێنده‌ ده‌زانم ئه‌و پیاوه‌ سووروسپییه‌ که‌ له‌شێوه‌دا به‌ئنگلیز ده‌چوو، مامۆستا بوو، له‌دوای ئه‌وه‌ی چوومه‌ ناوه‌ندی زانیم بۆته‌ به‌ڕێوه‌به‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دوو کوڕی هاوڕێم بوون، ناوی بچووکه‌که‌یانم بیر نه‌ماوه‌، به‌ڵام گه‌وره‌که‌یان که‌ نه‌وزادی ناو بوو، دواتر له‌سینه‌ما سیروان بوو به‌شاگرد.

تێناگه‌م چۆن ئه‌و کتێبه‌(ئه‌لفبێ)ی مامۆستا ئه‌مین باڵدار و ئه‌وه‌ی عه‌به‌ سوور که‌ ئێستا له‌قوتابخانه‌کاندا ده‌خوێنرێت، چه‌ند نه‌وه‌ی فێری خوێندن و نووسین کردووه‌!  به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ کتێبی زمانی دایک له‌وڵاتێکی وه‌ک فینلاند هێنده‌ دواکه‌وتووه‌ هه‌تا خوا ئه‌ڵێ به‌سه، وه‌ک ئیسلامه‌کان ده‌يڵێن‌‌.2008.1.14

نووسینی: ‌ aba چینی: دیاری نه‌کراو
(<%EntryCommentCount%>) بۆچوون | بۆ که‌سی‌تر

هه‌ردوو، له‌سه‌ر خورافه‌ به‌ندن

2008/1/13, 01:40

 Herdû, leser xurafe bendin

له‌ماڵپه‌ڕی کوردستان نیوزدا، سه‌رحه‌د یونس محمد، رۆژی 2008.1.2 به‌و ناونیشانه‌ ( كۆمه‌ڵگای‌ موسڵمانان كوێرانه‌ شوێن خورافه‌ی‌ ئایینی‌ گاوره‌كان كه‌وتوون ) سه‌رنجڕاکێشه‌ چه‌ند دێڕێکی نووسیوه‌، و بڵاوکردۆته‌وه‌. ناونیشانه‌که‌ شایه‌نی تیڕامان بوو، بۆیه‌ خێرا ده‌ستم به‌خویندنه‌وه‌ی کرد. ئه‌مه‌ هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ سه‌ری ساڵی نوێی زاینی، که‌ مه‌راسیم و سروتی تایبه‌تی خۆی له‌سه‌رانسه‌ری جیهاندا بۆ به‌ڕێ ده‌خرێت.

ئه‌و که‌سه،‌ به‌ناونیشان و له‌یه‌که‌م دێریدا تووشی سه‌رسامی کردم، لایه‌کیان ئه‌وی که‌ وشه‌یه‌کی زۆر کۆنی بۆ کریستیانه‌کان به‌کارهێناوه،‌ له‌مێژه‌وه‌ له‌سه‌ر زاری خه‌ڵکی هه‌روه‌ها له‌ ئه‌ده‌بیاتیی نووسین نه‌ماوه‌، به‌کارناهێنرێت. ئه‌ویش وشه‌ی کافری عه‌ره‌بی که‌ به‌کوردی گاور ده‌گرێته‌وه‌. ئه‌و وشه‌یه‌که‌ بۆ غه‌یره‌ ئاینی ئیسلام وه‌ک ئیهانه‌ت به‌کارهێنراوه‌! بێگومان په‌یره‌وانی ئاینه‌ جۆراوجۆره‌کان، ئه‌و ده‌ربڕینه‌ له‌به‌رانبه‌ر یه‌کتردا به‌کارده‌به‌ن! ئه‌وه‌یش وه‌ک مارکسییه‌کان ده‌بێژن ئایین سه‌رچاوه‌ی ته‌فره‌قه‌ و دووبه‌ره‌کی نێوان مرۆڤه‌کانه‌.

ئه‌و که‌سه‌، بۆ ئه‌وده‌ربڕینه‌ ناجایزه‌ی به‌کارهێناوه‌؟ گه‌ر به‌هه‌ڵه‌دا نه‌چووبم سه‌رچاوه‌که‌ی بۆ ئه‌و که‌لتووره‌ ئاینییه‌ توونده‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، که‌ گرووپه‌کانی ئیسلامی سیاسی، له‌پشتییه‌وه‌ن، و به‌دوای زیندوو کردنه‌وه‌ی ئسووڵه‌ هه‌ره‌ کۆنه‌کانی سه‌رده‌می سه‌رهه‌ڵدانی ئایینی ئیسلامه‌وه‌ن!

ئه‌و که‌لتووره‌، مایه‌ی نه‌فره‌ته‌، جێی داخه‌، ناکرێت به‌هه‌ر بیانوویه‌که‌وه‌ بێت، هه‌وڵی ده‌مه‌زه‌رد کردنه‌وه‌ی بدرێت. ئه‌و‌ ده‌ربڕینه‌ی که‌ بابه‌نۆئێل به‌خورافه‌ ده‌شوبهێنێت، ناکرێت که‌سێکی په‌یره‌وی فڵان ئایین بێت له‌به‌رانبه‌ر ئه‌وی تردا به‌کاری بهێنێت، ئه‌مه‌ له‌کاتێکدا خودی ئه‌و جه‌نابه‌ و ئاینه‌که‌یشی له‌سه‌ر خورافه‌ و نالۆجیک به‌نده‌! ماڵی له‌شووشه‌یه‌ و به‌رد ده‌گرێته‌ خه‌ڵکی تر، کۆمۆنیست و ئاتائیست ، ..... ه‌کان ئه‌وه‌ په‌یڤیان بێت، که‌س لێیان ناگرێت.

ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ بۆ بابه‌نۆئێل، سه‌رتاپا نادروست و سه‌قه‌ته‌‌، چونکه‌ له‌وڵاتێکی وه‌ک فینلاند له‌کۆتایی مانگی یانزه‌ی هه‌موو ساڵێک بابه‌ نوئێڵ به‌کۆپته‌ر دیته‌ فڵان و فیسار گۆره‌پانی ناوه‌ندی شار، شاره‌وانییه‌کان به‌هاوکاری که‌نیسه‌ی مه‌راسیمی پێشوازی شایسته‌ی بۆ به‌ڕی ده‌خه‌ن. هه‌زاره‌ها خه‌ڵکی به‌تایبه‌تی مناڵان بۆ بینین و پێشوازی لێکردنی کۆده‌بنه‌وه‌.

به‌ر له‌ڕۆژی‌24ی 12 خه‌ڵکی دیاری بۆ مناڵه‌کانیان ئاماده‌ ده‌که‌ن، له‌و ڕۆژه‌دا که
‌به‌ڕۆژی دابه‌شکردنی دیارییه‌کان به‌نێوبانگه‌، هاوکات بابه‌ نوئێل ده‌ست ده‌کات به‌دابه‌شکردنی دیارییه‌کانی. بابه‌نۆئێلی فینلاند، به‌یه‌کێ له‌ئه‌سڵیترین بابه‌نۆئێله‌کان داده‌نرێت، له‌شارێکی باکوری فینلاند به‌ناوی ڕۆڤانیمی یه‌وه‌، داده‌نیشێت‌. له‌م کاتانه‌دا، بۆ بینینی ساڵانه‌، هه‌زاره‌ها مرۆڤ له‌وڵاتانی جۆراوجۆره‌وه‌ ده‌چنه‌ سه‌ردانی. 2008.1.4

---------------
تکایه‌ بڕوانه‌ بابه‌تی ئاماژه‌ بۆ کراو:
KurdistanNwes کوردستان نیوز 

نووسینی: ‌ aba چینی: دیاری نه‌کراو
(<%EntryCommentCount%>) بۆچوون | بۆ که‌سی‌تر

ساڵی نوێ 2008 ی زاینی له‌ هه‌موو پیرۆز بێت..

2007/12/27, 12:45
نووسینی: ‌ aba چینی: دیاری نه‌کراو
(<%EntryCommentCount%>) بۆچوون | بۆ که‌سی‌تر

ئیسلامییه مه‌ده‌نییه‌كان، سكۆلاره توندڕه‌وه‌كان

2007/12/7, 04:43
Îslamiye medeniyekan, skolare tundrewekan

هاوڕێ و چالاکڤانێکی کۆمۆنیست پاش ماوه‌یه‌کی زۆر له‌ڕوودانی ڕووداوێک، خه‌به‌ری ده‌بێته‌وه‌، وه‌ک ناڕه‌زایه‌تی له‌ماڵپه‌ره‌که‌ی خۆیدا به‌زمانی فارسی نووسینێکی به‌ناونیشانی(ما اجازه نمیدهیم باندهای اسلامی در سرنوشت کودکانمان دخالت کنند!)* بڵاوکردۆته‌وه. ‌ئه‌و به‌ڕێزه‌ له‌مێژه‌وه‌ ده‌ناسم، په‌یوه‌ندی به‌رده‌واممان به‌هۆی پۆستی ئه‌لکترۆییه‌وه‌ هه‌یه‌، نووسراوه‌کانیم بۆ ده‌نێرێت.

کورتەی ڕووداوه‌که‌ هه‌وڵی ژماره‌یه‌ک خه‌ڵکی دانیشتووی فینلاند بەئایین ئیسلامی،‌ بۆ پێکهێنانی پارتێکی ئیسلامییە.

هه‌ر ئه‌و کات کورته‌ به‌دواداچوونێکم به‌ناونیشانی ( ‏لا فه‌رقه‌ به‌ینه‌ ئیسلامی فینلاندی و کوردی ئیلا بتوندڕه‌وی)** له‌سه‌ر بڵاوکرده‌وه‌.

دامه‌زراندنی گروپێکی وا له‌ئه‌ورووپادا نوێ نییه‌ هێنده‌ بزانم له‌هۆڵند و چه‌ند وڵاتی ئەورووپی دی هه‌یه‌ و دروست بوون! فاکته‌ری ده‌ره‌کی بەهەر بیانوویەکەوە بێت هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م ته‌رزه‌ گرووپانه‌یه‌!

گه‌ر به‌هه‌ڵه‌دا نه‌چووبم ئه‌مە چاوداگرتنی فڵان و فیسار وڵاتی ئه‌ورووپییە، له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و ته‌وژمه‌ ئیسلامییه‌ی ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکه‌ دنیایان به‌ خۆیانه‌وه‌ سه‌رقاڵ کردووه‌، بەتایبەتی دوای کارەساتی 11ی سێبتەمبەری ئەمەریکا، بەئه‌لته‌رناتیڤی ئیسلامی ئه‌ورووپایی دەکرێت بژمێررێت، هاوکات گێچه‌ڵ دوورخستنه‌وه‌یه‌ له‌خۆ!

به‌ڵام ئه‌و گروپانه‌ هه‌رچ قسه‌یه‌کی زل له‌قه‌باره‌ی خۆیان بکه‌ن ناتوانن له‌م کات و زه‌رفه‌دا له‌هیچ هه‌ڵبژاردنێکدا سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بهێنن و وه‌ك گروپێکی حاشێی ده‌مێننه‌وه‌ و خه‌ریکی نوزه‌نووز ده‌بن.

ئه‌م جۆره‌ گرووپانه‌ له‌م سه‌رزه‌مینانه‌ هه‌لومه‌رجی گه‌شه‌ کردنیان زۆر لاوازه‌، گه‌ر به‌ر هه‌ڵمه‌تی گروپه‌ ڕاسستی و کریستیانیانه‌کان نه‌که‌ون. هه‌موو ده‌زانیین له‌به‌رانبه‌ر ته‌وژمی ئیسلامی توندڕه‌و، له‌ناچاریدا ڕای گشتی ئەورووپی، وه‌ک به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ ئه‌و جۆره‌ گرووپانه‌ بەشێوەیەکی بەرچاو سەرلەنوێ خه‌ریکی چه‌که‌ره‌کردن و سه‌رهه‌ڵدانەوەن، به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌ورووپا هەنگاو به‌ره‌و دواوە دەنێت! تا بێت ململانێی ئایینه‌کان توندتر ده‌بێته‌وە!

چۆن بەرپەرچی دروست بوونی گروپی وا دەدرێتەوە، هەڵمەتی ئیمزاکۆکردنەوە و کاری کۆمەڵایەتی دی لەو جۆرە، بیرۆکەیەکی گوجاوە، لەوبڕوایەدام پشتیوانی بەرفراوان بەدەست دەهێنێت،

گرێنتی سه‌رکه‌وتن لەو هەڵمەتەدا، تا چە‌نده‌؟ ئێمه‌ ده‌زانیین سکۆلاره‌کانی کۆمه‌ڵگا ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان و ڕه‌وه‌نده‌کانیان له‌ئه‌ورووپا له‌چاو ئه‌وانی نه‌یار و به‌رانبه‌ردا چه‌نده‌؟ گه‌ر ئه‌وان ئیسلامییەکان و خەڵکە سادەکەی بەئایین ئیسلامن و بەئاسانی دەتونرێت لەلایەن ئەوانەوە لەخشتە ببرێنن، لەفینلاند و ئەورووپادا‌ له‌حاشییه‌دا بن، بێگومان باڵی سکۆلاریزم، ڕەوشیان له‌وان خراپتر نەبێت چاکتر نییە، هه‌رچه‌نده‌ له‌نێو کۆمه‌ڵگایه‌کی سۆکلاردا ده‌ژین، بۆیه‌ هەر لەئێستاوە هەڵمەتێکی لەم جۆرەی سکۆلارەکان خۆشبینی ناخوازێت، کارێکی وایش پاره‌ی گه‌ره‌که‌، ئه‌وه‌ له‌کوێ ده‌هێنرێت؟

ئیتر ده‌بێت ئه‌ویش له‌به‌رچاو بگیرێت له‌نێو کۆمه‌ڵگادا، له‌م جۆره‌ گرووپه‌ شازانه‌ قابیلی چێ بوونە، ئێمه‌ی دانیشتووی فینلاند هه‌رگیز له‌و بڕوایه‌دا نه‌بووین له‌م وڵاته‌ ئارامه‌دا که‌سێکی تیرۆریستی وه‌ک ئه‌و قوتابییه‌ی که‌ ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر( سەرەتای مانگی 11ی ئەمساڵ) له‌شارۆچکەی Jokela کاره‌سات بخولقێنێت، په‌یدا ببێت، به‌یه‌کجار حه‌وت که‌س بێره‌حمانه‌ بکوژێت!

لەبەرانبەر ئەو دیدەی کە بەڵگەیان لەسەر کۆبکرێتەوە، تا بدرێن بەدادگا و قەدەغە بکرێن! پێچەوانەی سەرەتاییترین پرینسیبەکانی دیموکراتی و کۆمەڵگای ئازاد و کراوەیە. ئه‌وانه‌ خۆ گرووپی تیرۆریستی نیین، تا پێویست بکات به‌ڵگه‌یان له‌سه‌ر کۆ بکرێته‌وه‌!

هه‌نگاوی ئەو گرووپە بۆ به‌یاساییکردنی کارکردنیان کاریکی پۆزەتیفانەی نێو کۆمەڵگا شارستانییەکانە.

سکۆلارەکانی نه‌یاری ئه‌مان به‌ته‌مای چین، له‌کاتێکدا ئه‌وان ده‌یانه‌وه‌ مه‌ده‌نیانه‌ کار بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی بیروڕاکانیان بکه‌ن! 2007.12.6
------------
* تكایه نووسراوه‌ی نووسه‌ر بخوێنه‌وه:
http://www.r-kamangar.com/pp37.htm

** تكایه بڕوانه نووسراوه‌ی نووسه‌ری ئه‌م چه‌ند دێڕه:
http://abas.shiwan.googlepages.com/lafarqa

 

نووسینی: ‌ aba چینی: دیاری نه‌کراو
(<%EntryCommentCount%>) بۆچوون | بۆ که‌سی‌تر

پاش، پێش زمانی ستاندار paş ,pêş zimani standar

2007/12/2, 01:31

هێژا موحسن جوامێر، وەک نووسەرێکی بواری زمانەوانی  و بەرگریکارێکی سەرسەختی زمانی ستاندار دەرکەوتووە. لەو پێناوەدا نەیارانێکی زۆری بۆ پەیدا بووە، لەسەرەتاوە کە مەسەلەی ستاندارکردنی زمانی ورووژاند، چەند کەس لێی کەوتنە تەقە، گوایە ئەم مرۆڤە تەوژمێکی ئیسلامی لەدواوەیە، خوازیاری هێشتنەوەی زمانی کوردییە بەشێوە باوەکەی، پیتی کوردی ناسراو بە ئارامی.. دواتر بەشێک لەخەڵکانی دەڤەری بادینان، لێی هاتنە وەڵام بەبیانووی ئەوەی گەر ئەو پڕۆژەیە سەر بگرێت گوایە شێوەزاری سۆرانی زاڵ دەبێت بەزیانی شێوەزاری ئەوان دەکەوێتەوە

هاوکات ئەم داوایە بۆ خۆی بەزیانی کێشەکە دەکەوێتەوە، نەیاری زیاتری بۆ پەیدا دەبێت. دەکرێت ئێمە هەر کوردستانە خاوەن بڕیاری خۆمان بین، هەوڵ نەدەین ئەوانی تر بەهەر بیانوویەکەوە بێت، ڕابکێشین بەدوای خۆماندا.

لەکورتی ئەم هێژایە هەرچ بابەتێکی لەسەر زمان بڵاوکردبێتەوە خوێندومەتەوە، تا ئاستێکی بەرز هاوبیربووم لەگەڵیدا. ئەوە، ئەوە لەبری زۆر نووسەری پایەبەرز و خەڵکانی دی دەنووسێت، بۆتە زمانحاڵیان.

رۆژی 2007.11.27لەماڵپەڕی کوردستاننێتدا، بابەتێکی بەناونیشانی (کە دارا دوو داری  دی لەدیاربەکر و قامیشلووش خوێندرا، داوای دەوڵەت بکەن)* بڵاوکردۆتەوە. بابەتەکە هەر لەو بازنەیەدا دەسووڕێتەوە، بەدواداچوونێکە بۆ بەیاننامەیەکی (کۆمەڵەی لاوانی نەتەوەیی ئەیڕەقیب)، لەوێدا داوا کراوە، کورد لەژێر یەک ئاڵای کوردایەتیدا خۆی ڕێکبخات دژ بەنەیارانی..


نووسەری هێژا، وەک لەناونیشانی نووسینەکەیدا بەدەردەکەوێت، دەفەرمووێت، دەبێت زمانێکی ستاندارمان هەبێت، ئینجا شتی لەوە گەورەتر داوا بکرێت. زۆر دوور دەڕوات، دەیەوێت ئەو زمانە یەکگرتووە ستاندارەی کوردستانی باشوور، لەدیدێکی کوردستانیه‌تی گەورەوە فەرز بکات، بێ هیچ لێکدانەوەیەکی لۆجیکیانە! ئاخر وەک پیاوە پیرەکان دەبێژن خوا ئیمانت بداتێ، لەباشوور هێشتا هیچ نەبووە ئەوە کرمانجه‌کانی دەفەری دهۆک، لەملاشەوە هەورامییەکانی ناوچەی هەورامان قووت بوونەتەوە، ئێستا تۆ دەفڕیت و ده‌ده‌ی له‌شه‌قه‌ی باڵ بۆ کوردستانی باکور و ڕۆژئاوا! دەتەوێت ئەوانیش بێنیتە سەر ئەم ئایینە! ئەم داوایە پێچەوانە دەکەوێتەوە، دوژمن زۆر کردنی لێده‌که‌وێته‌وه‌! وا باشتره‌ لەپێشدا ئەندامانی ماڵی خۆت ڕازی بکەیت، ئینجا ئەوانی تر یان به‌جۆرێکی دی و ژیرانە تر دەبێت، خۆیان بڕیار لەسەر ئەو کێشەیە و کێشەکانی تریان بدەن..2007.11.27
--------
*  تکایه‌ بڕوانه‌ ئه‌م لینکه‌:
http://kurdistannet.info/2007/11-2007/27-11/kedara.pdf

نووسینی: ‌ aba چینی: دیاری نه‌کراو
(<%EntryCommentCount%>) بۆچوون | بۆ که‌سی‌تر